
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم نیگەرانی نیشاندەدات لەبارەی راپۆرتێكی كەناڵی (حورە) كە سەبارەت بە بۆردومانەكانی توركیا لەسەر سنوور و پشتیوانی توركیا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان خستوویەتیە روو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە: “رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2021، كەناڵی (الحرة – العراق) راپۆرتێكی لە ماڵپەڕەكەی دا بڵاوكردۆتەوە، كە تێیدا ئاماژەی بە ئاڵۆزییەكانی ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و توركیا و شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە. بەداخەوە لە راپۆرتەكەدا كەوتوونەتە چەندین هەڵەوە، كە پشتیان بە زانیاریی نادروست بەستووە بەبێ ئەوەی لە راستییەكان دڵنیا ببنەوە، كە ئەمەش پێچەوانەی كاری پیشەیی ڕۆژنامەوانییە”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت: “حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم جۆرە پڕوپاگەندە نادروستانە بە توندی رەتدەكاتەوە و پێی وایە ئەم ڕاپۆرتە لایەنگیری تێدایە و رەچاوی كەمترین پێوەرەكانی كاری رۆژنامەوانی بێلایەنی نەكردووە”.
لە راپۆرتەكەی حوڕەدا هیوا عوسمان شرۆڤەكاری سیاسی وتوویەتی: “توركیا دەیەوێت شەڕی كورد و كورد (پەكەكە و هێزەكانی سەر بە پارتی) دروستبكات، تا ئەو پەیامە بگەیەنێتە جیهان كە حكومەتی هەرێم ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات، ئەوەش دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ توركیا كە دەستوەردان بكات”.
هاوكات بەكر ئاتاجان شرۆڤەكاری سیاسی توركی بە حوڕەی راگەیاندووە: “توركیا مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم كە نزیكن لە سنوورەكانیەوە (دهۆك) دابین دەكات”.