بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەش چۆنیەتیی پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەو هۆكارەكانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاكسازی و یاسای بودجەی عێراق و كەموكوڕیی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆیە بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كاتژمێر 11ی رۆژی دووشەممە 28 ی حوزەیران دانیشتنی ئاسایی ژمارە 16 بەڕێوەدەچێت و یەكێك لە تەوەرەكان درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانە بۆ ماوەی چوار ساڵ.
هەر لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوە بۆ هەشت پرۆژە و پێشنیازە یاسادەكرێت و خولی بەهارەش بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژدەكرێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ سێ پڕۆژە یاسا دەكرێت و چوار بیرۆكەی پەرلەمانتارانیش دەخرێنەڕوو.
تەوەرێكی دیكەش كە لە ماوەی رابردوودا بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران داوایان كردبوو، خستنەڕووی (چۆنیەتیی پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەو هۆكارەكانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاكسازی و یاسای بودجەی عێراق و كەموكوڕیی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ)یە، كە بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لە بارەوە دەكرێت.