وەزارەتی تەندروستی عێراق جەختلەوەدەكاتەوە، چەندین ئاماژە بوونیان هەیە بۆ ئەوەی كە نەوەی دەلتای كۆرۆنا كە بە نەوەی هندی ناسراوە گەیشتووەتە عێراق.
جاسب محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی كەرخ لەشاری بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وتووە، نەوەی هندی “دەلتا”ی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارترین نەوەی ڤایرۆسەكەیە و چەندین ئاماژە باس لەوە دەكەن كە گەیشتووەتە عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی توشبووان لەناو گەنجاندا و زیادبوونی ئەوانەی پێویستیان بە نەخۆشخانە و چاودێری ورد هەیە كە لە 300 كەسەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 500 كەس لەسەرتاسەری وڵاتدا و بە سەختی تووشی پەتاكە بوون.
جاسب محەمەد جەختیلەوەشكردووەتەوە، بەپێی پشكنینەكان ژمارەی توشبووان 10% بوون و ئێستا بەرزبوونەتەوە بۆ 12%، ئەوەش زیادبوونێكی خێرایە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی نەوەی هندی ڤایرۆسەكە گەیشتووەتە عێراق.