هەرچەندە پێشتر سەرۆکی کۆریای باکور جەختی لە تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکردەوە، بەڵام لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند: کۆرۆنا وڵاتەکەی خستوەتە بەردەم گەورەترین قەیرانەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی کۆریای باکور، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی بە توندی سەرکۆنەی کردوون بەهۆی کەمتەرخەمییان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
سەرۆکی کۆریای باکور وتویەتی: بێتوانایی بەرپرسان وایکردوە وڵاتەکە بکەوێتە بەردەم قەیرانێکی گەورەوە و گیانی هاووڵاتیان کەوتوەتە مەترسییەوە.
هەر بە پێی ئەو سەرچاویە، بە فەرمانی کیم جۆنگ ئون ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەت لەکارلادراون.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی کۆریای باکور لە کاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەردەوام جەختیان لەوەدەکردەوە، کە بە هۆی توندکردنەوە و داخستنی سنورەکان و گرتنەبەری رێکاری توند هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان تۆمار نەکراوە.
چاودێران و شارەزایانی بواری تەندروستی بەردەوام بە گومانەوە لەو بانگەشەیەی حکومەتی پیونگ یانگیان دەڕوانی، بەو پێیەی وڵاتێک کە دەیان ساڵە لە ژێر گەمارۆی ئابوریدایە و ژێرخانی تەندروستی بەهێزی نییە، بەرگەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناگرێت و کارەسات تیایدا روودەدات.