زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی كاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “هیچ ئومێدێك نابینم هەتا بڵێم كەی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێدێت تەنانەت ئەگەر پارە لە بەغدادیشەوە بێت ئێمە كێشەی دارایمان هەر دەبێت”.
زیاد جەبار بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، پێشتر ڕاگەیاندراومان بڵاو كردۆتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بكات بەڵام ئەوەی كەی كۆتایی پێدێت؟ ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت وەڵامی ئەمە بداتەوە، هەتا ئێستا من بۆخۆم هیچ ئومێدێك نابینم هەتا بڵێم كەی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێدێت! كاتێك ئێمە هەموو ئەمە دەزانیین كە داهات زیادی كردووە و ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، حكومەت لاری لەمە نەبووە بەڵام گەندەڵی و بەهەدەردان تا بینەقاقای سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستانی گرتووە هەرچۆنێك بێت ئەو حكومەتە لەژێری دەرناچێت لەبەرئەوە پێویستی بەوە بووە ئەم حكومەتە ئیرادەیەكی هەبێت بۆ چاكسازی لە سەرچاوەكانی داهاتدا. “
سەرۆكی لیژنەی كار و باری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەدووری زانی ئەگەر بەغداد بەشە بودجەی هەرێمیش بنێرێت كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بێت، چونكە ئەگەر چارەسەریش بێت كاتییە و دواتر دووبارە دەبێتەوە.