لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێت، هەرچەندە بڕی 200 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بڕیاری لێدرابوو كە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم رونی بكاتەوە كێشەكە چی بووە و بۆچی پارەكە رەوانە نەكرا.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، پەیوەست بە پرسی هەڵگرتنی لێبڕینی موچە و رەوانەكردنی پارەكەی بەغدا دەبێت “لەحكومەت بپرسین كە ئەوە ئیشی حكومەتە، دوای موژدەكەی من حكومەتیش رایانگەیاند بەڵام نازانم كێشەكە چی بوو دەبێت رونی بكەنەوە بۆ خەڵك بۆ وای لێهات، چونكە بڕیارەكە درابوو”.
سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش لەسلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، “هەرچەندە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەم شارە بكرێت كەمە، بەڵام لەرابردودا بەهۆی ململانێ، تاكڕەوی سیاسیی و تێكچوونی باڵانسی هێز ئەم شارە و كوردستان دواكەوت، بۆیە ئێمە ئێستا لەهەوڵی ئەوەداین ئەم باڵانسە بگەڕێنینەوە و هەوڵ بدەین خزمەتی شارەكە بكەین “.
لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەشكرد، لەئێستادا یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هاوپەیمانییان پێكهێناوە بۆ ئەوەی سلێمانی بەدووربێت لە ململانێ سیاسییەكان و “ئاهێك بەبەر ئەم شارەدا بێتەوە”.