جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم دەڵێت: كردنەئامانجی ئاسایش و ئارامی هەرێم پێشێلكردنی سەروەری عێراقە و شكاندنی شكۆی دەوڵەتە و پێویستە كار بۆ راگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە بكرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت سەبارەت بە هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر رایگەیاند: “بەئامانج گرتنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورەو لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی عێراق یەكناگرێتەوە و سوود بەهیچ لایەنێك ناگەیەنێت”.
باسی لەوەشكردووە، “كردنە ئامانجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنكەكانی هاوپەیمانان و بارەگای نێردە دیپلۆماتییەكان، پێشیلكردنی سەروەری عێراقە و كردەوەیەكی تیرۆرستیە و ئامانجەكەی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستانە”.
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم وتیشی، پێویستە بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان هەماهەنگییەكی تەواو بكەن، بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە و كۆتایهێنان بە شكاندنی شكۆی دەوڵەت و یاسا.