سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو ساڵی كابینەی حكومەتدا 133 پرۆژەی نوێ مۆڵەتی پێدراوە بڕی تێچووی پرۆژەكەش زیاتر بووە لە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، ئاماژە بەوەشدەكات لە كابینەی نۆیەمدا 200 هەزار هەلی كار دابین دەكرێت.
موحەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەم كابینەیەدا 133 پرۆژەی نوێ مۆڵەتیان پێدراوە و بڕی تێچووی پرۆژەكەش زیاتر بووە لە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
دەشڵێت، ئەو پرۆژانەی پەسەند كراون 729 پرۆژەیە بە بڕی سەرووی 18 ملیار دۆلار پرۆژە پەسەند كراوە، لەماوەی داهاتوودا مۆڵەت بەو پرۆژانە دەدەین بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت .
راشیگەیاند، روویەكی دیكەی پرۆسەی وەبەرهێنان بابەتی دابینكردنی هەلی كارە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم لەناو ئەو پرۆژانەی كە مۆڵەتی پێدراوە نزیكەی 200 هەزار هەلی كاری نوێ و زیاتریش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دەستمان كردووە بە زۆنی پیشەسازی، لە دهۆك 227 شوێن و كارگەی نوێ دادەمەزرێنین لە (سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، هەولێر، راپەرین) و بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەش هەلی كاری زیاتر دەرەخسێنرێت.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەرووی هەزار و 100 پرۆژەی نوێیە و جەختی كردەوە كە كاردەكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە هەرێمێكی بەرهەمهێن و خۆبژێو لە جیاتی ئەوەی پشت بە دەرەوە ببەستێت.