فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، تورکیا توانای ئەوەی نییە لەو ناوچانە بمێنێتەوە کە لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا داگیری کردوون.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: هیچ پێکهاتەیەک نییە یارمەتی داگیرکاریی تورکیا بدات بۆ ئەوەی زیاتر لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بمێنێتەوە.
باسی لەوەشکرد: “هێزەکانی تورکیا ئەو توانایەیان نییە بۆ ئەوەی زیاتر لەو ناوچانە بمێننەوە کە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا داگیریان کردووە. راشیگەیاند: “مانەوەی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانیان بەستراوەتەوە بەتوانای سەربازی هێزەکانی هەسەدە بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکە و پشتیوانی دانیشتوان.”
وتيشى، خەڵکی سەرێ کانێ تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەختیان تێپەڕکردووە و دەتوانن جارێکی تر بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، بەوپێیەی لەڕووداوەکانی ساڵی 2012 دا قۆناغی سەختیان تێپەڕکردبوو.
تورکیا لە نێوان ساڵانی 2018 و 2019 ناوچەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا داگیرکرد.