
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بۆ یەكەمجار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بە ژمارە هاتوەتە ئەنجومەنی پارێزگا و دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكەیاندا “بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن داوای كۆتاییهێنانیان بە لێبڕینی موچە كردووە و هاوسەنگی لە نێوان موچە و دەوامی فەرمانبەراندا هەبێت”.
ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لەو ماوەی كە دەستبەكاربوین لە 24-6-2014ەوە تا ئێستا بۆ یەكەمجار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بە ژمارە هاتوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو بودجەیە هاتوە پشكی سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان بەجیایە، وەزارەتی پلاندانان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەشی كردوە و ئەو بودجەیەیە كە لە بودجەی 2021ی دیاریكراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بودجەیەی بۆ سلێمانی تەرخانكراوە بریتییە لە 65 ملیار و 682 ملیۆن دینار، بۆ ئیدارەی راپەڕین بریتییە لە 16 ملیار و 974 ملیۆن دینار، بۆ ئیدارەی گەرمیانیش بریتییە لە 12 ملیار و 546ملیۆن دینارە.
بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بو بە گفتوگۆكردن لەسەر دەوامی فەرمانبەران و لێبڕینی موچە و لەو بارەوە ئازاد حەمەئەمین رایگەیاند، ” تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن كۆكبون لەسەر ئەوەی پێویستە لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنرێت، وە ئەو بڕیارەشی كە ئێمە دامان ناچارین بەشێوەی پێشنیاز بینێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران چونكە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەكانی دەركردوە و ئیدارە سەربەخۆكان گشتاندیان پێكردوە”.
ئەوەشی خستەڕو، “ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئەوەداین كۆتایی بە لێبڕینی موچە بێت و هاوسەنگی لەنێوان دەوامی فەرمانبەران و موچەدا دروستبكرێت، ئەو هاوسەنگیەش بە پێدانی موچە و ئاساییكردنەوەی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی كوردستان دەبێت بەرامبەر بەو ئەركەی لەسەریانە، لە هەمانكاندا دەبێت رەچاوی بارودۆخی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بكرێت، پێشنیارەكەشمان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت و بێگومان نوسراوێكیش ئاڕاستەی پەرلەمان دەكرێت”.


