قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی وتی، لەمەولا بازاڕ ئازادتر دەبێت و هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە دەستوەردان بكات لە كاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی، ناوبراو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە بازرگانانی شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، لەمەودا هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە دەستوەردان بكات لە كاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بكات.
رونیشیكردووەتەوە، ئەركی دەزگا ئەمنییەكان دابینكردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانە و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و هەر بابەتێكی تر بە دوور بگرن، دەبێت فەرمانگەكانی حكومەت كارئاسانی بكەن لەپێناو رایی كردنی كاروباری بازرگانان.
جێگری سەرۆكی حكومەت جەختیلەوەشكردووەتەوە، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دەكەن و كێبڕكێیەكی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دەكەن.