
وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ گفتوگۆی دیزاینی هێڵی شەمەندەفەر لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی كۆدەبینەوە.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی كوردستان، لە سەردانێكی فەرمیدا وەفدێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بە سەرۆكایەتی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گەیشتنە وڵاتی ئەڵمانیا.
باسی لەوەشكردووە، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای (deutsche bahn )ی ئەڵمانی كۆدەبێتەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە دیزاینكردنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی كودستان.
پێشتر وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن رایگەیاندبوو؛ ئەو بەرنامەیەی دانراوە لە چوارچێوەی كاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ چوار ساڵی تەمەنی خۆی لە كابینەی نۆیەمداو بە پشتیوانی حكومەتی هەرێم، بەو ئاراستەیەیە كە پڕۆژەی هێڵی ئاسن بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوروەوە هەنگاوی گرنگ نراوە.