
رۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە: ئێران دەتوانێت تا سێ ساڵی دیکە کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر موشەکە دوورهاوێژەکانی دابنێت، هەر وەک ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنی ئەتۆمی بەگەڕبخرێتەوە یان نا، تاران دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ئامانجەی بپێکێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵستریت جورناڵی ئەمریکی، وڵاتانی ئەوروپی نیگەرانن لە زیاتر بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، ئەمەش بە هۆی ئەوەی هیچ ئاسۆیەک بۆ بەئەنجام گەیشتنی دانوستانەکانی ڤییەنا بۆ بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەدی ناکرێت.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمیش بەگەڕبخرێتەوە، ئێران دەتوانێت لە ماوەی ساڵێکدا بگاتە خاڵی بێ گەڕانەوەی هەنگاونان بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و لە سێ ساڵدا دەتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر موشەکە دوورهاوێژەکانی جێگیر بکات.
روونیشیکردوەتەوە، کە لەئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئێران بە ماوەیەکی کەمتر دەتوانێت بگاتە خاڵی بێگەڕانەوە.
تائێستا شەش خولی دانوستان بۆ بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچووە و ئامانج لەو دانوستانانەش گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەبەندککردنەوەی ئێرانە بەو رێککەوتنە.