وەزارەتی پەروەردە لەبارەی مۆڵەتی بێ مووچە رێنمایی نوێ بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی دەردەكات و بەپێی بڕیارەكە ماوەی مۆڵەتی بێ موچە نابێت زیاتر بێت لە دوو ساڵ.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەڕێی نوسراوێكەوە چەند رێنماییەكی نوێی تایبەت بەمۆڵەتی بێ مووچە بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاندوە: مۆڵەتی بێ مووچە نابێت لە دوو ساڵ زیاتر بێت و پێویستە ئەو فەرمانبەرەی داوای مۆڵەت دەكات لە دوای كۆتایی هاتنی مۆڵەتەكەی، پەیوەندی بە كارەكەیەوە بكاتەوەو دواتر داوای مۆڵەتی تر بكات.
باس لەوەشكراوە: ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی وڵاتن و بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، پێویستە بەڕاپۆرتی پزیشكی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە نەخۆشیەكەی پشتڕاست بكرێتەوە.
لەبەشێكی تری نوسراوەكەیدا وەزارەتی پەروەردە رونیكردوەتەوە: ئەو مامۆستایانەی لەمۆڵەتی دایكایەتیدان، مافیان هەیە لەماوەی 10 رۆژ دوای دەستبەكاربوونەوەیان داوای مۆڵەتی بێ مووچە بكەن.
ئاماژە بەوەشكراوە: پێویستە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە 7 رۆژ بەسەر دەرچوونی فەرمانی وەزاری تێپەڕ نەبووبێت و دەستی لەكار هەڵنەگرتبێت.