رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكرد، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش یەكێك بووە لەو كەسانەی كە لەناو بەرنامەی سیخوڕی ئیسرائیلی ناسراو بە “پێگاسۆس”بووە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە سیخوڕی بەسەرەوە كراوە یاخود هەوڵ دراوە بەسەریەوە بكرێت.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ناوی بەرهەم ساڵح لەناو ئەو لیستەدا بووە كە لە 50 هەزار ناو پێكهاتوون و ئیسرائیل كردوونیەتە ئامانج، بەڵام روون نییە كە دەستیان كردووە بە سیخوڕیكردن لەسەر مۆبایلەكەیەوە یاخودنا یان تەنها هەوڵ دراوە.
رونیشكراوەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناوەكەی لەناو ئەو لیستەدا بووە كە لە 3 سەرۆك و 10 سەرۆك وەزیران و پاشادا بوون كە ئامانجی بەرنامە سیخوڕییەكە بوون.
لای خۆشیەوە دەستەی رادیۆكانی بەریتانیا بڵاویكردووەتەوە، ناوی ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساش بە هەمان شێوە لەناو لیستەكەدا بوون، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش پێیان وایە ئەگەر ئەو لیستە دزەپێكراوە راست بێت، ئەوا زۆر مەترسیدار دەبێت.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئابڕوچۆنێكی ئیسرائیل بەناوی پرۆگرامی “پێگاسۆس” كە كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی پەرەی پێداوە بڵاوكرایەوە و تێیدا دەردەكەوێت ئەو وڵاتە سیخوڕی بەسەر ژمارەیەكی زۆر ئامانجی ناوخۆیی و دەرەكییەوە كردووە كە 50 هەزار ناو بوون، لەناویشیان رۆژنامەنوسانی وڵاتەكەی.