
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، هەڵبژاردن لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت و چەند رۆژی داهاتووش دەست دەكرێت بە دابەشكردنی كارتی بایۆمەتری.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، پابەندن بە كاتە دیاری كراوەكان بۆ ئامادەكاریی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و پرۆسەكە لەكاتی دیاری كراوی خۆیدا كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021ە ئەنجام دەدرێت.
رونیشكراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەست كراوە بە چاپكردنی كاغەزی دەنگدانی گشتی و تایبەتی و لەئێستادا لە قۆناغی كۆتاییدایە، ئەوەش سەرەڕای چاپ كردنی پۆستەر و رێنیشاندەر و پێداویستییەكانی تر.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان جەختی لەوەش كردووەتەوە، 2 ملیۆن و 300 هەزار كارتی بایۆمەتری تر گەڕاوەتەوە كە لە دایكبووانی ساڵانی 2001 و 2002 و 2003شی تێدایە و بەسەر نوسینگەكان لە پارێزگاكاندا دابەش كراوە، رۆژی 5ی ئەم مانگەش بەسەر دەنگدەراندا دابەش دەكرێت.