بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە حكوومەتی عێراق بەكردار هەنگاو لەدژی چەكدارانی پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بنێت، چونكە خۆیان هاوكارییان دەكەن و ناكرێت تەنها بەقسە باس لەوە بكەن كە پەكەكە كێشەیە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.
ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی، كە بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقە، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە : ”هەمووان دەزانین پەكەكە كێشەیە، بەڵام پێویستە حكوومەتی عێراق كە لایەنی جێبەجێكارە بڕیاری خۆی هەبێت لەبارەی بوونی پەكەكە، بەڵام خاوەن بڕیار نین، چونكە سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق دەزانن پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقیشی بەزاندووە و سەروەریی خاكی عێراقیشی پێشێل كردووە و لە شنگالیش هەر ماون و دەسەڵاتدارن و ئەوانەی لە حكوومەتیش بەشدارن پاڵپشتی لە پەكەكە دەكەن.”
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاندووە: “پێویستە بڕیارێك هەبێت لە حكوومەتی عێراق كە نابێت هیچ هێزێكی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆیە پێویستە بە كردار ئەو كارە بكەن، نەك تەنها بەقسە نەبێت، چونكە لە شنگال ڕێككەوتن كراوە و جێبەجێ نەكراوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق لەدژی پەكەكە هەنگاو بنێت.”