ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بارەی رووداوەكانی ئەفغانستان و گەڕانەوەی بزووتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات رایگەیاند، هێشتا زووە هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیە بكرێت.
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە تویتێكدا نووسیویەتی: “تالیبان ئەو بزووتنەوە فەقێیانەی كەبۆ 30 ساڵ دەچێت یاریكارێكی چالاكە لە چەكداری ئیسلامی و حكومەتداری و پەیوەندی گوماناوی”.
نوسیویشیەتی: “روون نەبوەتەوە چۆن ساڵانێك شەریەتی لەگەڵ ئەمریكا و وەختانێكی تر ئاشت و هاوكارە؟ ئێستاش كەگەڕاوەتەوە جارێ زووە هەڵسەنگاندنی لەسەر بكرێت، چاوەڕێ بین، ئاخری خێر بێت”.
رۆژی یەكشەممە بزوتنەوەی تالیبان چوونە ناو كابۆلی پایتەختی ئەفغانستان و دەستیان بەسەر كۆشكی كۆماری و بینا حكومیەكاندا گرت.
لە دوای دەستپێكردنی پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئەفغانستان بزوتنەوەی تالیبان دەستی بە پێشڕەوی كردبوو، یەك لە دوای یەك ویلایەتەكانی ئەو وڵاتەی كۆنتڕۆڵ كردبوو.