ماسیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا دەڵێت، بارودۆخی عێراق لە ئەفغانستان جیاوازە و هێزە عێراقییەكان توانای ئەوەیان هەیە شەڕی دژی داعش تەواو بكەن، ئەركی ئەمریكاش جیاوازە.
ماسیۆ تۆلەر لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەكردووە، سەرەڕای ئاڵنگارییەكان سەرۆك وەزیرانی عێراق توانیویەتی پەیوەندی بە دەوڵەتانی دراوسێوە بگەڕێنێتەوە، ئەمریكا لە گرنگی عێراق لە ناوچەكەدا تێدەگات.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە قۆناغی كۆتایی شەڕی بەزاندنی رێكخراوی داعشین بە تەواوەتی، هێزە عێراقیەكان توانای ئەوەیان هەیە ئەو شەڕە تەواو بكەن، لەبەردەم دەرفەتێكی گرنگداین بۆ دیاری كردنی شێوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و كاردەكەین بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت لە وزەدا پشت بەخۆی ببەستێت.
باڵیۆزی ئەمریكا لە بەشێكی تری قسەكانیدا رونیكردووەتەوە، ئەمریكا ئامادەیە هاوكاری عێراق بكات بەتایبەتی كە هێزەكانیان دەتوانن كارە دوژمنكارانەكان دژی دامەزراوەكان بوەستێنن، حكومەتی عێراق داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای كردووە چونكە چەندین گروپ هەن بەرەنگاری سەروەری دەوڵەت بوونەتەوە و دژی عێراقییەكان و خواستیان بۆ بنیادنانەوە كار دەكەن، ئەركی ئەمریكاش لە عێراق جیاوازە لە ئەفغانستان.