وەزارەتی بەرگریی توركیا لە بارەی بەردەوامی هێرش و پەلامارەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە رێگەی 20 فڕۆكەوە 28 ئامانجیان لە چیای ئاسۆس لە سنوری پارێزگای سلێمانی پێكاوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگریی توركیا لە هێرشەكەدا كە بە سەرپەرشتی خلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە، 20 فڕۆكە بەشداریان كردووە و 28 بنكە و كۆگای چەكی پەكەكە لە چیای ئاسۆس كراونەتە ئامانج.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشەكان لە قوڵایی 200 كیلۆمەتری باكوری عێراق و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری توركیا ئەنجامدراون.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر زانا رەحمان قائیمقامی پێنجوێن رایگەیاندبوو، كە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە ژمارەیەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان چەند گوندێكی سنوری قەزاكەیان كردوەتە ئامانج و هەندێك لە بۆردومانەكان تەنها 100 مەتر لە هاوڵاتیانی مەدەنییەوە دووربوون.