سەرچاوەیەكی ناو حكومەتی عێراق ئاشكرای كردووە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران واز لە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر هاتوو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر سوور بوو لەسەر بەشداری نەكردن.
ئاژانسی سپۆتنیكی روسی لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، دوو لایەن هەن گرنگن لە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوانیش موقتەدا سەدر و مستەفا كازمی، بەشداری نەكردنی سەدر دەبێتە هۆی ئەوەی كازمی چیتر پێداگری لەسەر ئەنجامدانی نەكات لەوكاتەی دیاری كراوە، چونكە سەرۆك وەزیران لەلایەن سەدرەوە پاڵپشتی دەكرێت.
سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ئەوا لایەنەكانی تر وەك ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح و لایەنە سونی و كوردیەكان سەرۆك وەزیرانێكی تر جگە لە مستەفا كازمی دیاری دەكەن، بۆیە بەبێ سەدر هەڵبژاردن بوونی نییە.
ئەمەش لەكاتێكدا مانگی رابردوو سەدر پاشەكشەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە 10/10/2021 ئەنجام بدرێت راگەیاند و جەختی لەوەش كردەوە كە پاڵپشتی هیچ حزبێكی تریش ناكات، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ خراپی بارودۆخی وڵات و نەبوونی كەشێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
دواتر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئایینی عێراق سەدر دوو مەرجی دانا بۆ پەشیمان بوونەوە، ئەوانیش دەركردنی فەتوایەك بۆ ئیدانەكردنی گروپە چەكداریەكانی دەرەوەی حكومەت و دواخستنی هەڵبژاردن تا رەوتەكەی بتوانێت ئامادەكاری بكات.