تەندروستی جیهانی هۆشداری لە “بكوژە بێدەنگەكە” دەدات

رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە “بكوژە بێدەنگەكە” دەدات كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنە و جەختی لەوە كردووەتەوە، نزیكەی یەك ملیار و 300 ملیۆن كەس ئەو كێشەیەیان هەیە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی و زانكۆی “ئیمپریاڵ كۆلێج لەندەن” لە نوێژینەوەیەكی هاوبەشدا كە لە گۆڤاری “لانسێت” بڵاوكراوەتەوە هاتووە، لە جیهاندا نزیكەی یەك ملیار و 300 ملیۆن كەس كێشەی “بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن”یان هەیە كە بە “بكوژە بێدەنگەكە” ناسراوە و مەترسی توشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك و نەخۆشیەكانی گورچیلە زیاد دەكات.
رونیشكراوەتەوە، دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دیاری بكرێت و بە دەرمان كە تێچووی زۆر نییە چارەسەر بكرێت، بەڵام هۆشداری لەوە دەدەن كە نیوەی توشبووان نازانن كێشەیان هەیە و ئەوەش واتای ئەوەیە چارەسەر وەرناگرن.
بەپێی توێژینەوەكە، رێژەی توشبووانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا زۆر بە كەمی گۆڕاوە و لەو وڵاتانەی كە داهاتی تاك تێیاندا نزمە بەرزبووەتەوە، بەڵام دەوڵەتە دەوڵەمەندەكان توانیویانە بەشێوەیەكی زۆر باش كۆنترۆڵی بكەن.
لای خۆیەوە ماج عەزاتی مامۆستای تەندروستی و ژینگەی جیهانی لە زانكۆی “ئیمپریاڵ كۆلێج لەندەن” ئاماژەی بەوەداوە، نەخۆشییەكە پەیوەندی بە دەوڵەمەندییەوە نییە، بەڵكو زیاتر پەیوەندی بە هەژارییەوە هەیە و بەشێكی زۆری باشوری بیابانی ئەفریقا و باشوری ئاسیا و دەوڵەتەكانی دورگەكانی زەریای هادی ناتوانن بەشی پێویست چارەسەر بەدەستبهێنن.
بەپێی هەمان توێژینەوە، تەنها لە ساڵی 2019 نزیكەی 17 ملیۆن و 900 هەزار كەس بەهۆی نەخۆشیەكانی دڵ و ملولەكانی خوێنەوە گیانیان لەدەستداوە، یەك لەسەر سێی ئەو كەسانەش هۆكاری سەرەكی لە پشت مردنیان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بووە.

هەواڵی دواتر

بایدن بڕیاری پێدانی 40 ملیار دۆلاری بە ئۆکراینا واژۆ کرد

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە لە ئێستادا بە گەشتێک لە وڵاتانی ئاسیایە، پاکێجێکی هاوکاری ٤٠ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .