وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رایانگه‌یاند، ڕه‌شنوسی ستراتیژی گه‌شه‌پێدانی خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی له هه‌رێمی كوردستان ئاماده ده‌كه‌ن.
له‌راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده بڵاویانكردۆته‌وه، رۆژی سێشه‌ممه به سه‌رپه‌رشتی د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده و به ئاماده‌بوونی بریكاران و ڕاوێژكاران و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی هه‌ردو وه‌زاره‌ت، له دیوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كۆبونه‌وه.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردو وه‌زاره‌ت تایبه‌ت بوو به داڕشتنی ستراتیژی گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌و پێشبردنی خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كی پسپۆری هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردولا پێكهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی (١٥) پانزه رۆژی كاركردندا ڕه‌شنوسی ستراتیژی گه‌شه‌پێدانی خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی ئاماده بكه‌ن.
رونیشكراوه‌ته‌وه، ئامانجی سه‌ره‌كی داڕشتنی ستراتیژی گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌و پێشبردنی خوێندنی پیشه‌یی و ته‌كنیكی، به مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی به بۆردی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه.