
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، دەست بە جێبەجێكردنی قۆناغێكی دیكەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەكرێت.
لە ڕاگەیاندراوێكدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەكردووە: “بە مەبەستی تەواوكردنی شەقامی 150 مەتریی هەولێر، كە شەقامێكی بازنەیی گرنگی هەولێرە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی پیشان دا بە دەستپێكردن و تەواوكردنی بەشێكی دیكەی ئەو شەقامە كە شەقامی (هەولێر- كۆیە) تاوەكوو (هەولێر – شەقڵاوە) دەگرێتەوە، درێژییەكەی 7.2 كیلۆمەتر دەبێت، لەگەڵ دروستكردنی شەقامی خزمەتگوزاریی دوو ساید بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان”.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، تاوەكوو ئێستا بەشێكی شەقامی بازنەیی 150 مەتری كە لە شەقامی (هەولێر- بەحركە) تاوەكوو (هەولێر-شەقڵاوە)یە، تەواو بووە، تەواوبوونی ئەو شەقامە، بەشێكی زۆر لە قەرەباڵغیی شاری هەولێر كەم دەكاتەوە.

