
یونادەم كنا ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەڵبژاردن لەكاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت تەنها لە حاڵەتێكدا نەبێت، ئەویش دروست بوونی بارودۆخێكە كە ناچارمان بكات هەڵبژاردن دوابخەین.
یونادەم كنا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا یاخود دواخستنی ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت تائێستا ئەوەش بەهۆی چەند بابەتێكەوە.
رونیشیكردووەتەوە، دواخستنی پەیوەندی بە سەرهەڵدانی بارودۆخێكەوەیە كە رێگە بە ئەنجامدانی نەدات، وەك كارەساتی سروشتی “ئاگركەوتنەوە یاخود زریان” یاخود شەڕ و چەندین بارودۆخی تر كە پابەندمان بكات بەوەی كە هەڵبژاردن كاری لە پێشینە نەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە لە بەشێكی تری قسەكانیدا جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەبێ ئەو بارودۆخانە پێمانوایە هەڵبژاردن لەكاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت ئەوەش سەرەڕای كشانەوە و رەخنەی زۆر و چەندین ئاماژە لەسەر بارودۆخی ئێستا.
كنا باسی لەوەشكردووە، لەملاولا كۆبوونەوە دەكرێت و باس لە رەخساندنی كەشێكی گونجاو دەكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرجەم رێوشوێنە پێویستەكان گیراونەتە بەر بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەجۆرێك ئەنجام بدرێت كە لە ئاست خواستی هەمواندا بێت.

