
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزیران، بڕیار لەبارەی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما، چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و مامەڵەکردن بە سیمکارتی مۆبایلی بێ فۆرم درا.
بە پێی راگەیەنراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنەکەدا باس لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕگەیەکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەموون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، رێکاری پێویست وەربگرن بۆ پشتیوانیی ئەم بوارە و کارکردن بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو لەڕووی خۆراکیی و تەندروستییەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و وەرگرتنی رێکاریی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.
لەکۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی راسپارد بۆ وەرگرتنی رێکاریی پێویست بۆ قەدەخەکردنی مامەڵەکردن بە سیمکارتی مۆبایلی بێ فۆرم و بەرایی، بەشێوەیەک پێویستە لەمەودوا تەواوی زانیاریی کڕیارانی سیمکارت دیاربێت. هەموو ئەو سیمکارتانەش رابگیرێن کە بێ فۆرمن.
