
ژمارەیەک لە ژنانی ئەفغانستانی لە شاری هەراتی ئەو وڵاتە دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان خۆپیشاندانیان کرد.
رۆژی پێنج شەممە، لە شاری هەرات دەیان ژن لە خۆپیشاندانێکدا نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی تاڵیبان لە دژی ژنان دەربڕی.
ئەو ژنانە داوادەکەن تاڵیبان کۆتایی بە پەراوێزخستنی ژنان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بهێنێت و سەرجەم مافەکانی وەک، کار، خوێندن و بەشداری لە سیاسەت و حکومڕانیان بۆ بگێڕێتەوە.
خۆپیشاندانی ژنانی هەرات، دوای ئەوە دێت کە زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاندبوو، لە حکومەتی داهاتوودا کە بەمنزیکانە رادەگەیەنرێت، هیچ وەزارەتێک بە ژنان نادرێت و جیا لەوەش لە سەر ئاستەکانی دیکەی بەرێوەبەرایەتی و بەرپرسیارێتیدا هیچ ژنێک ئەرکدار ناکرێت.
