
ژمارەیەك چەكداری داعش هەڵیانكوتایە سەر گوندی شەعەل لە رۆژئاوای كەركووك و لە ئاكامدا، سەربازێكی سوپای عێراق كوژرا، شەش هاووڵاتی برینداربوون و هاووڵاتییەكیش رفێندرا.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە سوپای عێراق رایگەیاند، كە درەنگانێكی شەوی چوارشەممە ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر گوندی شەعەل سەربە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبز لە باكووری رۆژئاوای كەركووك و هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندەكەیان بەناوی نایف محەمەد رفاند.
سەرچاوەكە هەروەها باسی لەوەیش كرد كە دوای رفاندنی هاووڵاتییەكە، هێزەكانی سوپای عێراق و ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی گوندەكە بەدوای ئەو چەكدارانەدا رۆیشتوون و بۆماوەی چەند خولەكێكیش رووبەڕووبونەوە لەنێوان ئەو چەكدارانەی داعش و سوپای عێراقدا روویداوە.
رونیشیكردەوە لەو رووبەڕووبوونەوەدا، سەربازێكی فیرقەی 14ی سوپای عێراق بەناوی مەحمود سەبعاوی كوژراوە و شەش هاووڵاتییش بەناوەكانی ” رائد محەمەد حەسەن، عارف محەمەد حەسەن، ئەسعەد محەمەد حەسەن، نەقیب مولود حەسەن، ئاسۆ مولود حەسەن و سمكۆ مولود حەسەن” بریندار بوون.
لە میانی ئەم هەفتەیەدا، ئەمە دووەم پەلاماری داعشە بۆسەر گوندەكانی سنووری پارێزگای كەركووك و رۆژی دووشەممە، چەكدارانی داعش بەگولـلە هاوەن هێرشیان كردە سەر گوندی دەكشمان لە باشووری كەركووك و ژمارەیەك ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل و خانووی هاووڵاتییانیان لەناوبرد و سووتاند.

