
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، رەتیكردەوە كە ژمارەیەك لە پەنابەرانی ئەفغانی لە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێ كرابن.
سەبارەت بەو دەنگۆییەی لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە، لە بارەی ئەوەی لەسەر داوای ئەمریكا و ئەوروپا ژمارەیەك پەنابەری ئەفغان لە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێكراون، كەریم نووری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە دوورە لەراستییەوە و وەك وەزارەتی كۆچ پێویستە ئێمە یەكەمین لایەن بین، كە لە بابەتێكی لەو جۆرە ئاگادار بین، بەڵام لە بنەڕەتدا هیچ پەنابەرێكی ئەفغانی رووی لە هیچ پارێزگایەكی عێراقی نەكردووە.
باسی لەوەشكرد، لە لایەن ئەمریكا و ئەوروپاشەوە هیچ داواكارییەكی لەو چەشنە لە عێراق نەكراوە.
بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق داواشی لە رۆژنامەنووسان كرد، زانیاری بێ سەرچاوە بڵاو نەكەنەوە و سەرچاوە فەرمییەكان بە بنەما بگرن.
