
وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، دەڵێت: ناتوانین بڵێین هاتنی 200 ملیار دینارەكە مسۆگەرە، باس لەوەشدەكات، ئۆباڵی بەشێكی زۆری كێشەداراییەكای هەرێم لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی رووداو رایگەیاند، لە 2014ەوە بە بیانووی نایاسایی و سیاسی گەمارۆ خراوەتە سەر هەرێم.
باسی لەوەشكرد، ناتوانین بڵێین هاتنی 200 ملیار دینارەكە لە بەغداوە بۆ هەرێم مسۆگەرە و ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجەی شایستەی دارایی هەرێم لە بودجەی عێراق تەنها بۆ مووچە زیاتر لە 304 ملیار دینار.
هەروەك راشیگەیاند، مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە 900 ملیار دینارە و هەر بە پێی یاسای بودجەی عێراق پێویستە ساڵانە 10 ترلیۆن دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
ئاوات جەناب نوری ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو دۆخەی لە ساڵی 2014ەوە بەسەر هەرێمدا سەپێنراوە، نزیكەی 28 ملیار دۆلار قەرزارن و هۆكاری ئەوەش بۆ سیاسەتەكانی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستانیش وتی: عێراق تەنها 25%ی موچەكانیان دەنێرێت و ئامادە نییە موچەكانیان لە ئەستۆ بگرێت، هەروەك وتیشی: بەغدا هیچ پارەیەكی بۆ پێشمەرگە و بۆ فەرمانبەرانی بەنداوەكان نەناردووە.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری دارایی باسی لە یاسای چاكسازی كرد و وتی: یاساكە بە تەواوەتی جێبەجێ دەكرێت و هیچ كەسێك جیا ناكرێتەوە، راشیگەیاند: بەپشت بەستن بە سیستەمی بایۆمەتری و لە چوارچێوەی چاكسازیدا موچەی زیاتر لە 20 هەزار دوو مووچە راگیراوە.

