
كامالا هاریس جێگری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، لەدوای 11ی سێپتەمبەر موسوڵمانەكانی ئەمریكا رووبەڕووی توندوتیژی و رەگەزپەرستی بوونەوە، بەڵام هاوڵاتیانی ئەمریكی لەپاڵ برا موسوڵمانەكانیان وەستان.
كامالا هاریس لە وتەیەكدا لە یادی 11ی سێپتەمبەردا كە تێیدا لە ساڵی 2001 هێرش كرایە سەر دوو تاوەری بازرگانی لە شاری نیویۆرك و بەهۆیەوە نزیكەی 3 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا وتی، دوای ئەو رووداوە موسوڵمانانی ئەمریكا كرانە ئامانجی توندوتیژی و جیاكاری و رەگەزپەرستی.
باسی لەوەش كردووە، سەرباری ئەوەش هاوڵاتیانی ئەمریكا لە پاڵ برا موسوڵمانەكانیان وەستان لەو كاتەدا، مرۆڤایەتییە كە ئەمریكییەكانی كۆكردووەتەوە.
هاریس رونیشیكردووەتەوە، رووداوی 11ی سێپتەمبەر ئەوە بیری هەمووان دەخاتەوە كە هەمەڕەنگی لە ئەمریكا سەرچاوەی هێزیەتی و یەكگرتوویی گرنگە بۆ گەشەسەندن و بەهێزكردنی ئاسایشی ئەمریكا لە جیهاندا، هەروەها بەكارهێنانی شێوازی تۆقاندن هەڵەیە.

