
جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێوشوێنەكانی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەردەوامە، تەئكیدیش دەكاتەوە هەڵبژاردنی داهاتوو كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانی پێكهێنانی ئەو دوو لیوایە نابێت.
عوسمان سێدەری، پەرلەمانتاری یەكێتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە: ئەگەرچی تاكو ئێستا پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشەكەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق رانەگەیەندراوە، بەڵام رێوشوێنەكانی پێكهێنانی ئەو دوولیوایە بەردەوامە.
وتیشی: بەگوێرەی ئەو رێكەوتنەی كراوە خەرجی و دابینكردنی پێداویستیەكانی ئەو دوو لیوایە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقی دەبێت، ئەمەش هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو رووداوانەی لە سنوری ناوچە دابڕاوەكان روودەدەن.
پێشیوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەرێوەچونی بانگەشەی لایەنەسیاسیەكان كاریگەری لەسەر پێكهێنانی ئەو دوو لیوایە نابێت و ئەوان لە هەنگاوەكانی خۆیان بەردەوام دەبن.
عسمان سێدەری ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە پێمانوایە تێكەڵكردنی دوو لیوا لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقی بۆ سنورێكی فرەوان لە خانەقینەوە تا شەنگال زۆر نیە و پێویستی بە هێزی زیاتر هەیە، بەڵام دەكرێ ئەو هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هێزەكانی عیراقی و پێشمەرگە.

