
رێكخراوی CPT لە زاری شێروان شێروانی یەكێك لە زیندانی كراوانی بادینان بڵاویكردووەتەوە، بەنزیكەیی تەواوی زیندانیانی بادینان كە ژمارەیان 81 كەسن، مانیان لە خواردن گرتووە و تەنانەت هەندێكیان ئاویش ناخۆنەوە.
تیمی عێراقی – كوردستانی رێكخراوی CPT لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رێكخراوەكە، شێروان شێروانی وتویەتی كە بە نزیكەیی تەواوی زیندانیانی بادینان كە ژمارەیان 81 زیندانییە، مانیان لە خواردن گرتووە و تەنانەت هەندێكیان ئاویش ناخۆنەوە.
رونیشكراوەتەوە، ناوبراو داوا دەكات خەڵكی لە دەرەوەی زیندان بۆ پشتیوانی ئەو زیندانیانە چالاكی بنوێنن، ناوبراو نیگەرانی ئەو هاوڕێ زیندانیانەی بوو كە تاوەكو ئێستا دادگایی نەكراون و لە زیندانی ئاسایشدا هێڵدراونەتەوە.
رێكخراوی CPT جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەفتەی رابردوو هەریەكە لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید گواسترانەوە بۆ زیندانی چاكسازی گەوران.

