
رۆژی سێشەممە 14-09-2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و جەیمی هامیڵ ـ ی جێگری کرد و لەبارەی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا، قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە ستافی نوێی كۆنسوڵخانەی بەریتانیا، داوای كرد “كاربكەن لە پێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی حوكمڕانی لە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت.”
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت “هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگیی هەڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو، جەختیشیان كردەوە دەبێت بەشێوازێكی تەندروست و پاكوبێگەرد بەڕێوەبچێت.”
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە “شاندە بەریتانییەكە ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕی بۆ رەوانەكردنی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی بەندو باوە یاسایی و دیموكراسییەكان.”
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوایەکی ئاراستەی کۆنسوڵی بەریتانیا کردووە و گوتویەتی “بەریتانیا گەرمتر لەجاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە.”
لەبەرامبەردا شاندەکەی بەریتانیا “پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوە بە درێژەدان بە هاوكارییەكان و پەیوەندییەكان و باشتركردنیان لە قۆناخی داهاتوودا بەتایبەت پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم ساڵ.”
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە كۆنسوڵخانەی بەریتانیا كرد لە سەردان و چالاكییەكانیاندا سەرجەم دەڤەر و ناوچە جیاجیاكان كوردستان بەسەر بكەنەوە و چالاكییەكانیان تەنها لە سەنتەری شارە گەورەكاندا چڕ نەكەنەوە، شاندەكەش بە “گرنگییەوە پێشنیازەكەیان وەرگرت.”