بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، 15 هەزار كارتی دەنگدانی تایبەت بە ئاوارەكان، گوازراونەتەوە بۆ ناو كەمپی ئاوارەكان و دەست بە دابەشكردنی دەكەن بەسەر ئاوارەكاندا، باس لەوەشدەكات ئاوارەكان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە: “لە سنووری پارێزگای دهۆك 80 هەزار ئاوارەمان لە بایۆمەتری تۆمار كردووە و دەنگی خۆیان دەدەن، كە 31 بنكەی دەنگدان و 168 وێستگەی دەنگدانمان بۆ كردوونەتەوە و دابەشكاریمان بۆ تەواوی ئاوارەكان كردووە لەنێو كەمپەكان و لە دەرەوەی كەمپەكانیش”.
ناوبراو باسی لەوەشكرد: “ئاوارەكان رۆژی 8ـی10 لەگەڵ دەنگدانی تایبەت بە كارتی بایۆمەتری دەنگ دەدەن و كارتەكانیشیان وەردەگیرێتەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا كێشە هەبوو، بۆیە كۆمسیۆن پێی باش بوو ببێتە دەنگدانی تایبەت و كارمەندی پلە یەك چاودێری بكەن”.
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق روونیشی كردەوە: “لەو 80 هەزار ئاوارەیەی لە سنووری پارێزگای دهۆكن، 15 هەزار كارتی تری دەنگدانیان نەگەیشتبوو و هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ ئەو كارتانە دەدرا، بەڵام دوای فشاركردن لە بەغدا و بە هەوڵێكی زۆر توانیمان ئەو كارتانە بێنینە دهۆك و خۆمان دابەشیان بكەین، ئێستاش تیممان پێكهێناوە و لە 16 كەمپ دەست بە دابەشكردنیان دەكەین”.