
ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاری لە فەیسبووکی خۆی رایدەگەیێنێت، “تاوانبارى تاوانەکانى چەند رۆژی رابردوو دەستگیرکرا و راپێچى بەردەم یاسامان کرد.
بەزووترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم راى گشتى”.
ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ شەو دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زانیاری وردیان “لەبارەی رووداوە نەخوازراوەکانی 48 کاژێری رابردووی شاری سلێمانی دەستکەوتووە”.
دژەتیرۆری سلێمانی و بەرپرسی دەزگای زانیاری وردەکاریی زیاتریان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە 16-09-2021 ئەندامێکی پەکەکە لە سلێمانی بریندار کرا و دوێنێش ئەندامێکی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە سلێمانی کوژرا.
کاتژمێر 09:00ی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 17-9-2021 یوسف موراد، ئەندامێکی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێکراو کوژرا.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە تەقە لە ئەندامێکی پەکەکە بە ناوی فەرهاد باشقوندور کە تەمەنی 33 ساڵە و خەڵکی رووهایە لە باکووری کوردستانە، لەبەردەم دووکانەکەی خۆی تەقەی لێکرا و بریندار کرا.

