
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی تووند دەداتە پەكەكە و دەڵێت سەرئێشەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دروستكردووە و رێگە نادات خەڵك بگەڕێنەوە گوندەكانیان، دەشڵێت لێیان قبوڵ ناكەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وتارێكی پێشكێش كرد و لە بەشێكی وتارەكەیدا رایگەیاند: ” زاخۆ ناوچەیەكی گەشتیارییە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بوونی پەكەكە بووەتە سەرئێشە و زۆربەی گوندەكان چۆڵبوون و رێگە نادرێت هاوڵاتیانمان بگەڕێنەوە گوندەكانیان”.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان داوایكرد: ” پەكەكە سەروەریی خاكی هەرێم بپارێزن، قەدری زەحمەت و ماندووبوونی خەڵكی هەرێم بگرن و رێز لە قوربانیدان و خوێنی شەهێدان بگرن”.
مەسرور بارزانی هۆشداریی دایە پەكەكە و وتی: “ئەم وڵاتە بە خوێن رزگاركراوە و سەختییەكی زۆری بینیوە. نابێت هیچ كەسێك ئەو مافە بداتەخۆی دەستدرێژی بكاتەسەر ئەو خاكە و بارقورسی بۆ خەڵكی ئێمە دروستبكات. بەهێچ شێوەیەك ئێمە لێی قبووڵ ناكەین. داوایان لێدەكەین بگەڕێنەوە و ئەو سەر ئێشەیە بەس بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە بگەڕێنەوە سەر خاك و ئاوی خۆیان تاوەكو ئێمەیش وەكو حكومەت بتوانین خزمەتگوزاریی بگەیێنینە ئەو گوندانەی تاوەكو ئێستا ئاوەدان نەكراونەتەوە”.