
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، دانپێدانانی كوڕێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵانی بڵاوكرده‌وه كه له‌رێگه‌ی ئینستاگرامه‌وه كچان و ژنانی ههڵخهڵهتاندوه و پاشانیش هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه و ڤیدیۆی لێكردون.
هێمن سلێمان وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردوه كه ته‌مه‌نی 21 ساڵه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مۆبایلێكی له هاوڕێیه‌كی خۆی دزیوه، چه‌ند په‌یجێكی به‌ناوی جیاواز و به‌ناوی چه‌ند هۆزێكه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام دروستكردوه، له‌گه‌ڵ ژنان و كچان قسه‌ی كردوه و چه‌ندین ڤیدیۆ و وێنه‌ی لێوه‌رگرتون.
تۆمه‌تباره‌كه لهدانپێدانهكهدا ده‌ڵێت، “وێنه و ڤیدیۆی كچانم وه‌رگرتوه و چه‌ند نوسینێكم له‌سه‌ر كردون و بهشێكیانم بڵاوكردوه‌ته‌وه، سه‌رجه‌م ئه‌و وێنه و ڤیدیۆیانهشم، له‌ئه‌نجامی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ژنان و كچان ده‌ستكه‌وتوه، بهشێكیانم كۆپی كردوه و به‌شێكیشیان خۆیان بۆیان نا‌ردوم”.
له‌وباره‌یه‌وه هێمن سلێمان لهپهیامێكدا بۆ ژنان و كچان ده‌ڵێت، “ئاگاداری نهێنی و وێنه‌كانی خۆتان بن بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه بۆ كاری خراپ به‌كارنه‌هێندرێت، چونكه ئه‌و تۆمه‌تباره ژماره‌یه‌كی زۆر وێنه و ڤیدیۆ له‌ناو مۆبایله‌كه‌یدا هه‌بوه، بۆیه داوا ده‌كه‌ین له‌كچان و ژنان ده‌كه‌ن هۆشیار بن، زۆربه‌ی تاوانه‌كان به‌هۆی ناهۆشیاری كچان و ژنانه‌وه‌ن و ڤیدیۆ و وێنه‌یان بۆ چه‌ند گه‌نجێك ناردوه و دواتر ئه‌و كاره بوه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ریان”.
سه‌باره‌ت به‌سزای ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ده‌ده‌ن و ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن به‌خراپ به‌كارده‌هێنن، وته‌بێژی پۆلیسی دهۆك وتی، “سزای ئه‌م جۆره كارانه له شه‌ش مانگه‌وه تا پێنج ساڵ زیندانیكردن و هه‌روه‌ها غهرامهكردنه له ملیۆنێك تا پێنج ملیۆن دینار ده‌بێت”.
