
30 رێكخراوی مافی مرۆڤ و تایبەت بە پرسی ئەنفال لەسەر قسەكانی كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، ئەوەی كاكەمین نەجاڕ ئاشكرای كرد 30 ساڵە لە كوردستان جێ بەجێدەكرێت لە ژێر ناوی لێبوردن.
لە بەیاننامەكەی ئەو 30 رێكخراوەدا هاتووە، كامەمین نەجار بۆ یەكەم جار راشكاوانە ئاشكرا كرا كە كوردستان بۆتە مۆڵگای پاراستنی تاوانبارانی جینۆساید لە عێراق، ئەوەی كاكەمین نەجاڕ ئاشكرای كرد 30 ساڵە لە كوردستان جێبەجێ دەكرێت لە ژێر ناوی لێبوردنی بەرەی كوردستانی و ئاشتەواییدا.
بەپێی بەیاننامەكە، ئەم دانپێدانانە راستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە نەك بە تەنها جاش و موستەشارەكان داڵدەدراون، بەڵكو دانپێدانانێكی راستەوخۆیە بەوەی كە سەرانی رژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەكانی جینۆساید گەلی كورد لەئێستادا لە هەرێم دەژێن و داڵدەراون، وەك بینیمان لە ماوەی رابردوودا عزەت دوری و ئەرشەد زێباری لە كوردستان مردن و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حزبی بۆ دانرا.
ئەو رێكخراوانە دەشڵێن، وەك رێكخراوكانی بواری جینۆسایدی گەلی كورد بە توندی ئیدانەی داڵدەدان و دادگایی نەكردنی تاوانبارای جینۆساید و ئەو جۆرە لێدوان و پاڕانەوە و بەرگرییە لە تاوانباران دەكەین، كە زۆر بێباكانە بە ناوی پەشیمانبونەوەی ئەو تاوانبارانە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شانازییەوە دەفروشرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە داواكاری گشتی دەكەین بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و چیتر رێگە بەو جۆرە سۆكایەتییە بە یاسا و قوربانیانی جینۆساید نەدەن و تاوانباران و داكۆكیكاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆساید راپێَچی دادگا بكەن هەرچەندە لە رابردوودا سكاڵای ئێمەی وەرنەگرتووە دژ بە تاوانبارانی ئەنفال.

