
هەریەك لە نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق و لیژنەی فەتوا لە كۆبەندی فیقهی كڕین و فڕۆشتنی كارتی دەنگدانیان حەرام كرد.
بەپێی هەواڵێكی میدیاكانی عێراق نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان فەتوایەكی لەبارەی دەنگدان بڵاوكردەوە و تیایدا كڕین و فڕۆشتنی كارتی دەنگدانی حەرام كرد.
فەتواكەی نووسینگەی سیستانی لە وەڵامی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانە لەبارەی كڕین و فڕۆشتنی كارتی دەنگدان و پێدانی پارە و دیاری لەلایەن كاندیدەكان بە هاوڵاتیان بەرامبەر بە دەنگدان پێیان، لە وەڵامیشدا سیستانی هەردوو حاڵەتەكەی بە كارێكی دوور لە شەرع و حەرام ناوبردوە.
هاوكات لیژنەی فەتوا لە كۆبەندی فیقهی عیراقی كڕین و فڕۆشتنی كارتی دەنگدانی حەرام كرد و لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوە كرد “كڕین و فڕۆشتنی كارتی دەنگدان حەرامە و ناكرێت بەهیچ جۆرێك مامەڵەی پێوە بكرێت”.
جەختیشی كردوەتەوە: “ئەو جۆرە كارانە دەرگای بەرتیلدان و ساختەكاری دەكاتەوە و گەندەڵكاران بەهێز دەكات”.
بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و لەئێستاشدا هەڵمەتی هەڵبژاردن بەردەوامە و باس لەوەدەكرێت هەندێك لە كاندید و لایەنەكان كار بۆ كڕینی كارتی دەنگدان دەكەن.


