
وەزیری نەوتی عێراق رێكارەكانی هەناردەكردنی بڕە نەوتی مانگانەی هەرێمی دیاریكرد و رایگەیاند، “هەرێم دەبێت مانگانە بەبەهای 250 هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات”.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێم دەبێت مانگانە بەهای بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات.
رونیشیكردەوە، دواتر كۆمپانیای سۆمۆ كۆی دۆسیە و بەڵگەنامەكان رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ تۆماركردنی ئەو بڕە داهاتانەی كە هەرێم بەدەستیهێناوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی كەمبوونەوەی بڕە بەنزینی پێویستی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەنزینەی كە رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكەن لە جۆری نۆرماڵە.
