
ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی گەورەشارەوانی مێردین رایگەیاند، توركیا دەچێتە سەردەمێكی نوێوە، باسی چارەسەریی كێشەی كورد دەكرێت، بۆ ئەوەی پرسی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، جەختیشی كردەوە، ئەمڕۆ بێ هەدەپە لە توركیا كەس نابێتە دەسەڵاتدار”.
ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی گەورەشارەوانی مێردین كە لە ئێستادا لە پۆستەكەی دورخراوەتەوە و قەیوم لە جێگەی دانرا، بەشداریی لە كۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)دا كرد و رایگەیاند، ” پارتەكەمان بوەتە هیوای گەلەكەمان، ئێمە بڕوامان وایە، لە سیاسەتی دیموكراتیكدا دەبینە ئەندازیاری دواڕۆژ، بێگۆمان بە سیاسەتی قەیومەكان، هەوڵ دەدەن ئێمە و گەلەكەمان لە یەكتری دوربخەنەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “كار و كردەوەكانی قەیوم دیارە، لەمبارەیەوە پارتەكەمان لێكۆڵینەوەی جددیی ئەنجام دەدات، هەمو كارمەندانی قەیوم، بەهۆی گەندەڵیی و بەرتیلخواردن دادگایی دەكرێن”.
ئەحمەد تورك لەبارەی گفتوگۆكانی چارەسەریی كێشەی كورد باسی لەوەكردوە، “توركیا دەچێتە سەردەمێكی نوێوە، باسی چارەسەریی كێشەی كورد دەكرێت، بۆ ئەوەی پرسی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، ئێمە هەموو كاتێك پشتگیرییمان كردوە و لەم ڕێیەدا باجی زۆرمان داوە، ئەمڕۆ هەمو كەسێك دەبینێت، بێ هەدەپە لە توركیا كەس نابێتە دەسەڵاتدار، هەر بۆ ئەوەی كێشەی كورد چارەسەر ببێت، پێویستە بەر لە هەمو شتێك هەبونی كورد، ناسنامەكەی و زمان و ستاتۆكەی قبوڵ بكرێت”.

