
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەشداربوانی كۆنگرەكەی رۆژی هەینی رابردوو كە تێیدا داوای ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكانی عێراق و ئیسرائیلیان كردبوو مۆڵەتیان نەبووە و دۆخەكەیان بە هەل قۆستوەتەوە.
ئومێد خۆشناو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی بەهیچ جۆرێك پەیوەندی بە حكومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێرەوە نییە، پێشتر داوای مۆڵەتیان بۆ وۆرك شۆپێك كردبوو بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە مۆڵەتیان پێ نەدرا.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوبارە داوایان كردەوە و داواكە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرز كرایەوە و لەلایەن ئێمە و وەزارەتی ناوخۆشەوە مۆڵەتیان پێ نەدرابوو، بەڵام كۆبونەوەیەكیان لەناو هۆتێلێك ئەنجامداوە بەناوی پێكەوەژیان و ئازادییەوە، كۆبوونەوەكە بە ئاڕاستەیەكی تردا براوە، ئەو بابەتە سیاسەتی حكومەتی هەرێم و عێراقیش نییە و ئەو گروپە ئەو كەشە ئازادییەیان وەك هەل قۆستووەتەوە كە هەیە، تەنانەت بەشێك كە بەشدار بوون رۆژانە روونكردنەوە دەدەن و دەڵێن كە بۆ ئەو مەبەستە نەچوونەتە ئەو كۆبوونەوەیە.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت، ئەوەی ئێمە نیگەران كردووە ئەوەیە ئەو بابەتە بە مەبەستی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن سودی لێوەردەگیردرێت و چەند حزبێك بەشێوەیەك پیشانی دەدەن هەرێمە ئەو كارە دەكات، یەك كەسی لە حكومەتی هەرێم تێدا نەبووە تەنانەت هیچ كوردێكی تێدا بووە، ئەوانەی دژی هەرێم قسە دەكەن باش تێدەگەن ئەوە سیاسەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەشێك لەوانەشی فەرمانی دەستگیر كردنیان بۆ دەرچوو لە شارەكانی تری عێراق دەژین با حكومەتی عێراق خۆی دەستگیریان بكات.

