
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە ماوەی رابردوودا باندێك لەسەر ساختەكردنی كارتی ڤاكسین دەستگیركراون، داواش دەكات هەركەس زانیاری لەسەر باندی لەو شێوەیە هەیە هێزە ئەمنییەكان ئاگادار بكاتەوە.
د. سامان بەرزنجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، تیمەكانی ئاسایش هاوكارمان بوون لە دەستگیركردنی باندێك كە كارتی ڤاكسینیان ساختە كردووە، ئێستا ئەو باندە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان، پێشتر نەمانتوانیوە رایبگەیێنین چونكە لە داهاتوودا هێزە ئەمنییەكان وردەكارییەكەی بڵاودەكەنەوە.
وتیشی، چەندین كەس بەهۆی ساختەكردن و فرۆشتنی كارتی ڤاكسین دەستگیركراون، داوا لە هاوڵاتیان دەكات بۆ دەرهێنانی كارتی ڤاكسین تەنیا سەردانی بنكە تەندروستییەكان بكەن و ئەوانەش كارتیان بۆ دروست دەكرێت كە ناویان لە سیستمی ئەلیكترۆنیدا هەیە و ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە.
وەزیری تەندروستیی هێمای بۆ ئەوەش كرد، هێزە ئەمنییەكان ئاگاداركراونەتەوە و هەر كەسێك ساختەكاری بكات و كارتی ڤاكیسن ساختە بكات لێی قبووڵ ناكەین.

