
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت، ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو متمانەی هاوڵاتیانی بە پرۆسەی هەڵبژاردن لەرزاند و سیستمی ئێستا توانای دابین كردنی ژیانێكی شایستەی نییە بۆ هاوڵاتیان.
بەرهەم ساڵح لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی “سكای نیوز” ئاماژەی بەوەداوە، گومان هەبوو لەوەی عێراق بتوانێت لەكاتی دیاری كراودا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بەڵام تاوەكو ئێستا سەركەوتوو بووین لەوەی هەڵبژاردن بگەیەنینە خاڵێكی باش.
ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق بە بارودۆخی سەختدا تێپەڕی و كۆمەڵگە باش ئەوە زانێت كە پێویستە چاكسازی بكرێت، سیستمی ئێستا توانای ئەوەی نییە ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان دابین بكات.
سەرۆك كۆماری عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، ساختەكاری و یاری كردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان متمانەی شەقامی عێراقی بە پرۆسە هەڵبژاردن لەرزاند، هەمووان دان بەوەدا دەنێن كە سیستمی ئێستا توانای بەردەوامی نییە و پێویستمان بە گۆڕانكاری و چاكسازییە، هەروەها بڕێكی زۆر پارەی سیاسی بەكاردەهێندرێت.
