
وەزارەتی تەندروستی عێراق هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە لەوەی، پەلە بكەن لە وەرگرتنی ڤاكسینەكان چونكە ئەگەری روودانی شەپۆلێكی تری ڤایرۆسەكە هەیە و داوایان لێ دەكات هاوكاربن لە ئاسایی بوونەوەی ژیان.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، بە هەوڵی بەردەوامی دامەزراوە تەندروستییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا بەرەو نەما چوو و ژمارەی توشبوون و گیان لەدەستدان كەمی كردووە.
رونیشكراوەتەوە، بەپێی ئاماژەكان روودانی شەپۆلێكی تر ئەگەرێكی دوور نییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پەتاكە لە جیهاندا بەردەوامە، هەروەها بەردەوامیش نەوەی نوێی كۆرۆنا دەردەكەوێت، بۆیە تاكە رێگە بۆ دوركەوتنەوە لە شەپۆلێكی تر ئەوەیە كە لەسەر ئاستێكی فراوان ڤاكسین بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت.
تەندروستی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەماوەی سێ مانگی داهاتوو ژمارەیەكی زۆر ڤاكسین دەگاتە عێراق و دامەزراوە تەندروستیەكان دەتوانن ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بكوتن، ئەوەش لەپێناو گرەنتی كردنی كەمبونەوەی بەردەوامی ژمارەی توشبووان و كۆنترۆڵ كردنی پەتاكە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان و خوێندكارانی زانكۆ و خوێندنگاكان دەكەن پەلە بكەن لە خۆ كوتان و هاوكاربن لە ئاسایی بوونەوەی ژیان.

