
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەو هاوڵاتیانەی قەرزی كارەبایان لایە ئەگەر قەرزەكانیان پاكتاو نەكەن بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی كارەباو حكومەتی هەرێم كارەباكانیان دەبڕدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە ئاكادارییەكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر جەختكردنەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا بۆ كۆكردنەوەی داهاتی كارەبا لەكاتی خۆیدا، لەگەڵ ئەوەی هاوبەشێكی زۆری كارەبا پابەندە بەپێدانی پارەی كارەبا، بەپێی ئەو پسوڵانە بۆیان دەچێتەوە لەكاتی خۆیدا، بەڵام كۆمەڵێك هاوبەشی بازرگانی و پیشەسازی دوای گەڕاندنەوەی پسوڵەی كارەبا و پێدانی ئاگاداری پابەند نابن.
ئەوەش هاتووە، بۆیە پاش ئەوەی بۆ دواجار بەنوسراوی فەرمی ئاگاداركراون، كە ئەگەر قەرزەكانیان پاكتاو نەكەن بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی كارەباو حكومەتی هەرێم كارەباكانیان دەبڕدرێت تا ئەوكاتەی قەرزەكانیان پاكتاو دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، بۆ دابینكردنی موچەی مانگانە لەكاتی خۆیدا پێویستە ئەو خەرجیانەی حكومەت كردویەتی جارێكی دیكە لەرێگەی داهاتەوە پارەكانی كۆبكاتەوە، هەروەها بەشێك لەو داهاتە جارێكی دیكە بەكاردێتەوە بۆ هاوڵاتیان لە رێگەی چاكسازی كردن لەتۆڕەكانی كارەبا.

