
لەدیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی بەگرنگییەوە رۆڵی کەسایەتییەکانی خزمانی کۆکۆیی لە کۆمەڵگەی کوردەواری بەرزنرخاند لە پاراستنی بەھا بەرزەکانی جوامێری و پێکەوەژیان و بەشداری کاریگەریان لە شۆڕش و خەباتی کوردایەتی، بەتایبەت لە شۆڕشی نوێدا کە ھەمیشە پشت و پەنای یەکێتی بوون و لە قۆناغە جیاجیاکاندا لە سەنگەری بەرگری بوون و بۆ ساتێکش پشتیان لە یەکێتی نەکرد، رایگەیاند ئەمە جێگای ستایش و پێزانینمانە.
ھاوسەرۆک پەیوەست بە گۆڕانکارییەکانی یەکێتی و رێکخراوەیی، بەرچاوڕوونیدایە ئامادەبووان و رایگەیاند، بڕیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خزمەتی چاکەی گشتی و بوژاندنەوە و گەشەپێدانی یەکێتی و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانە و بەرنامەی یەکێتی کە بەرنامەی خزمەتە فراوانتری دەکەین و دەبێت یەکێتی، کە یەکێتی خەڵکە، ئەرکی خۆی کە خزمەتکردنە بەجێبگەیەنێت، چیتر یەکێتی تاقم و گروپ نییە کە حزب بۆ بەرژەوەندی شەخسی و لێدان لە بەرژەوەندی گشتی بەکاربھێنرێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چۆن لە رابردوودا خزمانی کۆکۆیی پشتیوان و ھاوکاری یەکێتی بوون، داوامان لێتان ئەوەیە بەھەمان شێوە لەم ھەڵبژاردنەشدا لەگەڵمان بن و متمانە ببەخشن بە کاندیدانی ھاوپەیمانی کوردستان تا زامنی بەھێزی پێگەی کورد لە بەغدا و مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان بکەین.


