
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی یاسا و بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە هەوڵی ساختەکاری دەدەن، جەختیشی کردەوە، کە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گۆڕانکاریی و راستکردنەوەی رێڕەوەکانی حکومڕانی.
مستەفا کازمی رایگەیاند: بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە گەلی عێراق جێبەجێکردووە و ھەموو رێوشوێنێکیشیان بە ئامانجی ئاسانکارییکردن بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن و پتەوترکردنی ئەزموونی دیموکراسیی پێشکەشکردووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، بۆ پێنجەم جار بەسەرکەوتوویی ئامێرەکانی دەنگدان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تاقیکراونەتەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف کە گوزارشت لە خواستیی داھاتووی عێراقییەکان بکات.
کازمی راشیگەیاندووە، “بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ھەر کەسێک دەکرێت ئەگەر ھەوڵی ساختەکاریی بدات لە ھەڵبژاردنەکاندا و رێگایش نادرێت ھەوڵی لەو جۆرە بدرێت و داواشی کردووە کە کۆمسیۆن بەردەوام بەدواداچوون بۆ سەرپێچی و پێشێلکاریەکانی کاندیدەکان و حزبەکان بکات و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکاندا بکات”.

