
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان وەڵامی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت: “ئێمە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراقمان كردووە و دەنگیش بە هیچ حزب و لیست و كاندیدێك نادەین”.
دوای ئەوەی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندبوو، لایەنگرانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دەدەن، عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە: “زۆر بە سەر سوڕمانەوە گوێمان لەو قسانە بوو، چونكە ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی كودستان ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنمان نییە لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستان”.
جەختیشی كردوەتەوە، “بە ڕوون و ئاشكرا ڕامانگەیاندووە كە بزووتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراقی كردووە و دەنگیش بە هیچ حزب و لیست و كاندیدێك نادات.. بۆیە با هیچ كەس و لایەنێك هیوا لەسەر دەنگەكانی بزووتنەوە هەڵنەچنێت”.

